e-mail

 

زه‌‌رده‌شت‌و ئاوێستا

په‌نده‌کانی رابه‌ندرانات تاگور

گه‌لێکی په‌ژمورده‌و نیشتیمانی په‌رت

دادگایی ئه‌نفال

گورگی ته‌ره‌

گۆڕه‌ جووله‌که‌

ماڵپه‌ڕی کوردی

ماڵه‌وه‌

 

حەمەساڵح دیلان! 

وێڕای سوپاس‌و پێزانینی خۆم بۆ ئامادەکارانی ئەم کۆڕە یادەوەرییە بۆ وێژەرێکی کوردی کوردپەروەر، سوپاسی دادە شەرمن بابان‌و کاکە ژینی هاوسەری ئەکەم بۆ ئاگادارکردنم لەم کۆڕە. هەروەها بەناوی کۆمەڵەی کوردستانیی شاری ئێسکلیستوونایشەوە کە تێیدا ئەندانی کارگێرم دەسخۆشێتان لێدەکەم بۆ بەڕێوەبردنی ئەمجۆرە کارە.

دروود بۆ ڕەوانی پاکی کاکە حەمەساڵح دیلانی هۆنەرو هونەروەر، مامۆستای وێژەو خاوەن قوتابخانەیەکی تایبەت لە هونەری گۆرانیی کوردی.

یەکەم چاوپێکەوتنم لەگەڵ مامۆستا حەمەساڵح دیلان ٢٢ی ١٠ی ١٩٦٣ بوو کە لەگەڵ دە دوانزە لاوی تردا بەتاوانی ئەندامبوون لەڕیزەکانی یەکێتی قوتابییانی کوردستان گیرابووین، پاش ئەشکەنجەو تێهەڵدانی چەند شەوو ڕۆژ لەئەمنی کەرکووک داگیراین بۆ ئەو گرتووخانەیەی (پێیدەگوترا موقف سەرای)  کەرکووک. ئەوکات مامۆستا حەمەساڵح لەگەڵ چەند تێکۆشەری تری کورد کە لەسلێمانییەوە بە بەندکراوی هێنرابوون بۆ ئەوێ. بەڕاستی ئەو یەکێکبوو لەو تێکوشەرە کوردانەی بە ڕێنمایی‌و ئاموژگاری دەکۆشان ئێمە هێوەر بکەن‌و وزەی خۆڕاگریمان پێ ببەخشن. ئەوەی شایانی ئاماژە پێکردنە، لەو ڕۆژەدا ئەوە کارێکی پڕ مرترسی بوو بۆ بەندکراوێک چونکە گرتووخانەکانی ڕژێم پڕبوون لە سیخوڕ. پاش یەک مانگ ئێمەیان گواستەوە بۆ گرتووخانەیەکی کاتی (پێی دەگوترا معتقل عسکری) هەر لە کەرکووک، بەڵام ئەو تێکۆشەرانەی سلێمانییان ڕەوانەی بەندیخانەی سەرەکی کرد لە بەغدا.

لە فەبریوەری ١٩٦٣دا بەعس بە کوودەتایەک بەسەر عەبدولکەریم قاسمدا حوکمی عیراقیان گرتە دەست، سەرەتا لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول ئاگربەستیان بڕیاردا بۆ گەیشتن بە چارەسەرییەک بۆ کێشەی کورد لە باشووری کوردستان بەڵام پاش شەش مانگ ڕێکەوتن سەرینەگرت، شەڕ هەڵگیرسایەوە، دڕندەییەتی بەعسی یەکەم وا لە  مامۆستا ساڵح دەکات خەیامی فەیلەسووفی چەند سەدە لەوەوبەر لەگۆڕەکەی بەئاگا بهێنێتەوە تا بزانێت چۆن کوردستان بە گڕو کینەی بەعس هەڵدەقرچێت، لە هۆنراوەیەکیدا دەڵێت:

ئای کێ بێ بانگ‌و ھاوارو پەیام
بگەیەنێتە گوێی گۆڕەکەی خەیام
بڵێ ھەی سەرشێت کوشتەی گڕی تەڕ
گەر تێتا ماوە یەک تۆز نرخ‌و فەڕ
تۆ لەسەر باکەی شووشەکەی شکان
لەگەڵ‌ خودادا کردت بە زۆران!!
ھەڵسە بەرەو ئەم ناوە ھەڵتووتێ
نەک شووشە شکا... وا ڕەز ئەسووتێ!!

هەر لەوکاتەدا لە دەڤەری سلێمانی زەعیم سدیقی بەعس وەک سەگی هار کەوتە ڕەشبگیرو زۆر لە تێکۆشەرانی کوردی زیندەبەچاڵ کرد، خۆشبەختانە مامۆستا ساڵح‌ لەگەڵ هەندێک تێکۆشەری تری بەرنەکەوت لەباتی ئەوە گیران‌و کەوتنە بەر ئەشکەنجەی گەرتووخانەکان، ئەوکات من لە شوێنێکی ناشاددا بە دیداری مامۆستا شادبووم.

  سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول لە فەبریوەری ساڵی ١٩٦٤دا دانەوسانێکی بوو لەگەڵ ڕژێم، لەوێدا ناکۆکی کەوتە نێوان دوو بەرە لە سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول، مامۆستا ساڵح کە تازە لە ئەشکەنجەخانەکانی بەعس ڕزگاری بوو پێشبینی وەرزێکی ناهەمواری پاش ئەو تێکچوونەی کرد، لەهۆنراوەیەکدا بەناوی پایز پەژارەی دڵی خۆی دەربڕی، وەک نامەوێت تەواوی دێرەکان بخوێنمەوە چونکە هێژایانی پێش من خوێندیانەوە، تەمنها تەنها ئەو دێڕانەی لێ هەڵدەبژێرم کە دەڵێت:

ئەوا دیسان پایز هاتەوە، ڕێزانە...

هەوری پەڵە ڕووەو شاخ‌ ڕووەو کوێستانە...

تا ئەوەی دەڵێت:

ئەی هەورەکە دایڕێژە سەری تشرینە

وادەی پەڵەو ناشتنی تەرمی هاوینە

نۆرەی تۆیە بگری بەسەر هەموومانا

بەسەر ئێسک‌و تروسکی ڕابوردوومانا

بیشۆرەوە با سەر لەبەر دیاریبێ

با قوڕ خەستبێ‌و بۆ سەری شەرمەزاری بێ

 

ئەوەی شایانی ئاماژەیە، کاک ساڵح لە ‌ساڵی‌ ١٩٤٨ تا ١٩٦٦ نۆ جار زیندانی‌ کراوە

نموونەیەکەی بەرجەستەو هەمیشە زیندووی گۆرانی حەماسەیی ئەو نەورۆزە لە شێعری شاعێری گەورە مامۆستا پیرەمێردە لە ساڵی1948دا بە دەنگی زوڵاڵی مامۆستا "حەمەساڵح دیلان" بە سەرانسەری کوردستاندا بڵاو بووەتەوە

دەتوانم بڵێم ئەو هونەرمەندێکی ئەوتۆبوو قوتابخانەیەکی هونەریی تایبەت بەخۆی پێشکەش بە کەلەپووری کوردی کردووە، زۆربەی لە هۆنراوەکانی خۆی بوو.

هەندێک کەس وایان دەربڕیوە گوایە مامۆستا نەیویستووە وەک گۆرانیبێژ ناوباگ دەرکات، وەک سەلاح رەشید لەهەندێک شوێن گوتوویەتی: (ئێمە قۆناغێکی دوور و درێژ پێکەوە بووین، هەموومان خەڵکی شارێک بووین، ئیتر لەو شەو دانیشتنانەی کە لەماڵان ئەکرا دۆست‌و برادەرانی خۆمان هەمیشە پێکەوەبووین، ئێمە وەکوو مۆسیقی، ئەو شەوانە کاری مۆسیقامان بۆی ئەکرد، ئەویش بەمیزاجی خۆی هەر کاتی زەوقەکەی بگەیشتبایە گۆرانی ئەوت، هەمیشە ئەو لە شەو دانیشتنی ماڵانا ئامادە نەبوو بۆ گۆرانی وتن، ئەو وەکوو میوانێک ئەهات دائەنیشت، بەڵام ئێمە بە شێوازێک ئەمان هێنایە گفتوگۆ ئەمان هێنایە وتن بەباشی گۆرانی ئەوت).

دیارە ئەوکەسانە نەیانزانیوە کە ئەو هەڵوێستەی لەبەر ڕاگرتنی شیرازەی خێزانی بووە، بەڵام من ئەو تێبینییەم لە کەسێکی زۆر نزیکی خۆی بیستووە کە بەهۆی ئەو نەنریتە لەو سەردەمەدا باوبوو لەنێو خزمانیدا ئەوکارەی پێخۆشنەبوو.

لە کۆتاییدا دەڵێم: ئاسوودەبێت ڕەوانی پاکی ئەو هۆنەر‌و هونەروەرە ژیرەی تا دوا هەناسەی ژیان گشت هەڵوێستی نیشتمان پەروەرانە بوو. ئەو کە لەبەر هەر هۆیەک بێت خوێندنی لە قۆناغی ناوەندی بەرەوژووری نەخویدووە بەڵام ئەو شێوە وێژەری‌و زاراوانەی لە هۆنراوەکانیدا دەیبینن ڕەنگی ئەوە دەبەخشن کە هینی کەسێکی ئەکادیمی زۆر شارەزابێت

هەزاران هەاز سڵاو بۆ ئەو ڕەوانە پاکەو زۆر سوپاس بۆ ئەو دیارییانەی بۆی چێهێشتووین.

هەر بەو بۆنەیەوە لەگشت ئێوی ئامادەبووی ئەم کۆڕە دەخوازم کە بەیەک دەنگ لە کاکە هەڵبەستی کوڕی خوالێخۆشبوو بخوازین درێژە بەو قوتابخانەیە بدات، ناڵێم زیندووی کاتەوە چونکە خۆی هەر زیندووە، بەڵکو دەڵێم درێژەی پێبدات، چونکە من لە دەنگ‌‌و شێوەی گوتندا، هەروەه خۆیشتان بیستتان، هیچ جیاوازییەک نابینم لەگەڵ دەنگی خوالێخۆشبوو.

دووبارە زۆر سوپاس بۆ ئامادەکارانی ئەم کۆڕەو گشت ئامادەبووان

 

هەر خۆشبن....

براتان/ محەمەد گۆمەیی  

گۆمه‌یی

یۆتۆبۆری 28/ 01/ 2012

 


>>>  گه‌ڕانه‌وه  <<<