e-mail

 

زه‌‌رده‌شت‌و ئاوێستا

په‌نده‌کانی رابه‌ندرانات تاگور

گه‌لێکی په‌ژمورده‌و نیشتیمانی په‌رت

دادگایی ئه‌نفال

گورگی ته‌ره‌

گۆڕه‌ جووله‌که‌

ماڵپه‌ڕی کوردی

ماڵه‌وه‌

 

>>>  گه‌ڕانه‌وه  <<<


سکاڵای کراوە بۆ دادیارانی گشتی لە هەرێمی کوردستان...

سەرەڕای نەخۆشیە کۆمەڵایەتییەکانی "بەداخەوە" لەنێو کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆرن، ڤایرۆسی نەخۆشییەکی ڕەوشتی زۆر ناشیرین وا تەشەنە دەکات دەرمانەکەی لای ئێوەی بەڕێزە، پێویستە بە هەند وەرگیرێت.

ڕۆژی ٨/ ٥/ ٢٠١٣ کاژمێر ١، ٣٤ی پاش نیوەشەو زەنگی مۆبایلەکە لەخەوی هەستانم لە نمرەی ٠٧٧١٠١٦٣١٧٦ بوو ئەگەرچی نایناسم بە بەڵێ وەڵامم دایەوە..بەڵام گوێم لەدەنگی بەرانبەر بوو کەسێکە نایناسم...بەڵێ!! بەرێزتان کێن؟...

وەڵام: ئەوە نەخەفتیی...

پێمبلێن بەڕێزتان کێن...

ئێژم نەخەفتیی...

بەڕاستی تووڕەبووم‌و پێمگورت ڕۆڵە پیاوەبە بەم نیەوەشەوە خەلکی لەخەو مەکە...تەلەفۆنەکەم بەڕوویدا داخست، یەکسەر زەنگی لێدایەوە‌و گوتی: ئەوە بۆ تەلەفۆنەکەت داخست؟..تووڕەبویت؟..

گوتم: ڕۆڵە کەمێک ڕەوشتت تێدابێت...ئەمجارە تەلەفۆن بکەیت سبەی نمرەکەت دەدەم بە پۆلیس‌و تەلەفۆنەکەم داخست، یەکسەر تەلەفۆن لێیدایەوە، بەڵام ئەمجارە تەلەفۆنەکەم کردەوە بێلەوەی هیچ بڵێم...گوێم لێبوو کەوتە جوێندان، سەرەتا بەخۆم‌و پۆلیس‌و حکومەتەکەم..ئەوجا بە ژن‌و خۆشک‌و دایکم، لەپشتیشەوە گوێم لە پێکەنینی چەنکەسی ترە...ئەوجا گوتی: وەڵڵا ناهێڵم بخەویت تا بەیانی...بەڵام بێلەوەی من وەڵام بدەمەوە تەنها دەنگی تەلەفۆنەکەم داخست‌و خودی تەلەفۆنەکەم بە کراوەیی هێشتەوە.

بەیانی لەخەو هەستان دەبینم بە هەمان ئەو نمرەیەی سەرەوە لەگەڵ نمرەکانی ٠٧٧١٤٦٣٥٧٠٩ و ٢٥٢٤٠٩٠٠٣٥٨+ تا کاژمێر ٤، ١٣ی بەرەبەیان سیانزە جار تەلەفۆنی کردوە، بەیانیش لە ٨، ٢٥ـەوە تا ٤، ٢٧ی پاش نیوەڕۆ بیست دانەجار تەلەفۆنی کرد بێلەوەی وەڵامی بدەمەوە، ئیتر لەوکاتەوە نەیکردوە.

هەمان ڕۆژی ٨/ ٥/ ٢٠١٣ چووم بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە پۆلیسخانەی گەڕەکی کوردسات لە سلێمانی، کاکی نەقیب گوتی ئێمە هیچمان پێناکرێت چونکە زۆرمان لەوجۆرە ساکڵایە دێتەلا بەڵام هیچ بە ئەنجام ناگەین‌و تۆیش دەبێت هەر بەڕێگەی دادگاوەبیت، بچۆ نمرەکان بلۆک بکە سەرئێشەکەت لەکۆڵدەبێتەوە.بێگومان وەک بلۆک کردنی نمرەی مۆبایل دەبێت لەلایەن کۆمپانیانی هێڵی تەلەفۆنەکەوەبێت، لەلایەکی ترەوە، خۆ ئەو بێڕەوشتەی من نمرەکەی لایخۆم بلۆک دەبێت لە ڕابواردن ناوەستێت، چونکە وەک دەبیستم ڕۆژانە بە سەدان کچ‌و ژن ڕادەبوێرن‌و لەوەیش خراپتر ئەو دیاردەیە بوەتە هۆی تێکدانی شیرازەی زۆر خێزان.

وەک بیستم، بە پیرێژن گوتراوە: ئای لەو دەنگە خۆشە..پیرێژن گوتوویەتی: ڕۆڵە تەمەنم ٩٠ ساڵە وازم لێبێنە..پێی گوتراوە: قەینا بەخوا دەنگت خۆشە با نەختێک پێکەوە قسەی خۆش بکەین..

ئەگەرچی تەلەفۆنکردن بۆ من کێشە نیە چونکە دوو هەفتەی تر دەگەڕێمەوە بۆ ئەو وڵاتەی تاڕاوگە کە نزیکەی سی ساڵە تێیدا دەژیم هەرگیز تووشی ئەو جۆرە گرفتە ناڕەوشتیە نەبووم، بەڵام پێم نەنگە ئەو جۆرە نەخۆشیە لەناو ئەم کۆمەڵگەیەماندا تەشە بکات، بۆیە ڕوومکردە نووسینگە سەرەکیەکەی ئاسیاسێل، بەڵام پاش مشتومڕی زۆر لەگەڵ خوشکێک لەپرستگەکەیدا قایل بوو ڕێگەم بدات چاوم بە کەسێک بکەوێت لەبەشی سکاڵا بەڵام بێهوودە پتر لە ٢٠ خولەک دانیشتم هیچکەس نەهات بەدەنگمەوە، ناچار هەستام‌و هاتمە دەرەوە.

بێگومان تەلەفۆن لەم ڕۆژانەدا کەرەستەیەکی گەرەکە مرۆڤ ناکارێت دەستبەرداری ببێت، بەڵام لەپاڵیدا پێویستە بەکارهێنەر نەبێتە هۆی هەڕەشە لەسەر ژیانی کەسانی تر یان ماڵوێرانی کەسانێک، بۆیە وەک کۆمپانیاکان پێشبڕکێ دەکەن لەبۆ فرۆشی زۆرترو وەدەستهێنانی قازانجی پتر‌ فرۆشی سیمکارتەکانیان بەڕەڵڵا کردوە لەسەر جادەکان بێ هیچ مەرج‌و سانسوورێک دەفرۆشرێت، هەر ئەوەیە هۆی ئەو جۆرە بەرەڵاییە.بۆیە پێویستە دەزگا بەرپرسەکانی دەسەڵات بەگشتی‌‌و دەزگا دادوەرییەکان بەتایبەتی سنوورێک بۆ ئەوجۆرە بەکارهێنانە بێ مەرج‌و سانسۆرە دانێت تا کەسانی بەساڵاچوو لەوە پتر کۆڵەوار نەبن کە بەهۆی تەمەنەوە دووچاری دەبن، یان کیژێکی نەگبەت لەخۆڕاو بەو گومانی بەهۆی ئەوجۆرە بێڕەوشتییەوە دووچاری دەبن لەناو خێزانەکەی بەفیڕۆ نەچێت.

لەسەر خاوەن ویژدانی تاکەکانی کۆمەڵیش ئەوەیە لەو جۆرە ناڕەوشتییە بێدەنگ نەبن‌و چیتر لەترسی بابردن دەست بەو کڵاوەوە نەگرن کە وا سەریان لەژێریدا دەپیشێت...

ئاواتەخوازم ئەو کەسانەی خاوەن ئەو نمرانەو هاوشێوەیان دەناسن ئامۆژگارییان بکەن‌و لە ئەنجامە ناهەموارەکانیان ئاگادار بکەنەوە.

مامە خەمە (گۆمەیی)

سلێمانی ١٠/ ٥/ ٢٠١٣

کوردستان نێت  ١٣/ ٥/ ٢٠١٣

 

 


>>>  گه‌ڕانه‌وه  <<<