e-mail

 

زه‌‌رده‌شت‌و ئاوێستا

په‌نده‌کانی رابه‌ندرانات تاگور

گه‌لێکی په‌ژمورده‌و نیشتیمانی په‌رت

دادگایی ئه‌نفال

گورگی ته‌ره‌

گۆڕه‌ جووله‌که‌

ماڵپه‌ڕی کوردی

ماڵه‌وه‌

 

>>>  گه‌ڕانه‌وه  <<<


کوردستان نێت ـ 16/ 7/ 2012

سەرگورشتەی پیاوێکی لەیادچوو... سەعید قەزاز

چەندڕۆژێک لەمەوبەر دیسان لە تاڕاوگە لەگەڵ دادوەری بەڕێز "زوهێر کازم عەببوود" بەدیداری یەک شادبووینەوە.. لەگەڵ ئەو برا عەرەبەی من کەسایەتییەکی زۆر دەگمەنی دەزانم لە خەمخۆری بۆ کێشەی نەتەوایەتیی کوردو گرێکوێرەکانی باری کۆمەڵایەتی‌و ناوبانگی کەسایەتییەکانی.

هەروەک لەوەوبەر لەسەر خواستی خۆی پەرتووکی "دادگایی ئەنفال"م کرد بە کوردی‌و بەهۆی "دەزگای چاپ‌و پەخشی سەردەم"ـەوە گەیشتە بەر دیدی خوێنەری هێژا.. ئێستایش بەنیازم لەسەر خواستی خۆی پەرتووکی عارەبیی " لمحات عن سعید قزاز" بکەم بە کوردی کە وەک یاساناسێک توێژینەوەیەکی تێروتەسەلی کردووە لە ژیانی ئەو پیاوەی لە دوا قۆناغەکانی سیستێمی حوکومڕانیی سەردەمی پاشایەتیی عیراقدا زۆر کارا بووە.. لێرەدا وردەکارییەکانی ئەو پەرتووکە دەهێڵمەوە بۆ کاتی بڵاوبوونەوەی.. بەڵام پێش لەوە دەخوازم خوێنەری هێژا بەئاگابێت لەو مشتومڕەی لە دوا ڕۆژی دادگاییکردنی ئەو پیاوە هەست پۆڵاینە، ئەوپیاوەی زۆر لە ڕٶڵەکانی کورد نایناسن، تەنانەت لە شاری سلێمانیدا کە شوێنی لەدایبوونی ئەو بوو. ئەویش وەرگێڕانی بەرهەمی کەسێکە پێموایە لە ئامێرێکی دەنگییەوە وەریگرتووە.

فەرموو ئێوەو مشتومڕی نێو هۆڵی ئەو دادگایەی لەوڕۆژەدا پێیگوتراوە "دادگای گەل"

 

هێدی گۆمەیی

سوید ــ ١٤/ ٧/ ٢٠١٢

 

سەعید قەزازو دووجار لەسێدارەدانی

محمد الشاهد/ منتدیات بوابة العرب

 

ئەو پیاوەی دوا شالیاری ناوخۆ بوو لە قۆناغی پاشایەتیی عیراق‌و بوو بە خاوەن چیرۆکێکی ئەفسانە ئاسا...

لە ئازایەتییەکی بێهاوتادا ڕووبەڕووی سەرانی دەسەڵاتی کۆمار وەستا...

پیاوێکی قارەمان‌و سەربەرز، هەرگیز کڕنووشی نەبرد‌و بەپێی خۆی چووە سەر سەکۆی قەنارە...

هیچیان ڕێز نەبوو بۆ شکۆی ڕابەردووی‌و دڵسۆزیی ئەو بۆ خودی عیراق...

ئەو تاکەکەسەی... دووجار لەسێدارە درا...

 

سەعید قەزاز.. کێ بوو؟

ئەو لە چەندین کابینەی دەسەڵاتی قۆناغی پاشایەتیی عیراقدا شالیاری ناوخۆ بوو. کەسێکی پۆڵاین.. لەمردن نەترساوە...
کاتێک "فازل عەبباس ئەلمەهداوی" لەکاتی پرۆسەی دادگاییکردنیدا لە (محکمة الشعب) دەیویست سووکایەتی پێبکات، قەزاز بەرەنگاری ئەو هەڵوێستی سووکایەتییە دەبووەوە. یەکێک لە وتە بەناوبانگەکانی ئەوەبوو کە بە مەهداوی گوت:

وس نەکەی سووکایەتیم پێبکەیت.. دادگاییم بکە.. بەڵام بۆتنییە بەچاوی سووک لێم بڕوانیت، من لەمردن ناترسم... من کارەکانم وەک فرمانبەرێک لە پلەی شالیاری ناوخۆدا ئەنجامداوە، بە سەرکوتکردنی ئاژاوە، ‌ویستوومە سەربەستیی کار دابینکەم بۆ ئارەزوودارانی‌و ڕژێمیش بپارێزم‌، خۆ ئەگەر لەم ڕۆژەیشدا شالیاری ناوخۆبوومایە هەر ئەوەم دەکرد کە کردوومە، من لە کردەوەکانی پێشووم پەشیمان نیم.
دوایین وشەی بەناوبانگی خوالێخۆشبوو سەعید قەزاز بۆ بەرگری لەخۆ ئەوبوو کە گوتی: "ئەوکاتەی دەچمە سەر قەنارە، کەسانێک لەبەرپێمدا دەبینم کە شیاوی ژیان نین"
ئێستایش پێش کۆڵینەوە لە ژیانی سەعید قەزاز با بکەوینە نێو وردەکارییەکانی پرۆسەی دادگاییکردنی... تا ئاشنابین بە لایەنە ڕوون‌و ئاشکراکانی کاتی دیلیی ئەو پیاوە... ئەگەرچی من زۆر دڵگران بووم بە شێوەی لە سێدارەدانی.. ئەو هەرگیز دەسبەرداری ڕەوش‌و ڕەوشت‌و بیروباوەڕی خۆی نەبوو.. ئەو کەسایەتییە پاک‌و پوخت، دەست‌و داوێن پاکە، نە دزی لەکەس کردووە نە ئابڕووی کەسی بردووە، بەڵکو ئەو کەسێک بووە کوتوومت یاسا سەپێن... جێی داخ ئەوەیە کۆتاییەکەی بەوشێوە زۆر چەپەڵەبێت... وەکتریش هەڵوێستی سەرۆکی دادگا دەبینین چۆن بوو بەرانبەر بەو...

 

فەرموون بۆ پرۆسەی دادگاییکردنی تاوانبار سەعید قەزاز


ڕۆژی ٢٩ دیسەمبەر ١٩٥٨ کاژمێر ١٠ی پێش نیوەڕۆ دواڕۆژی پرۆسەی دادگاییکردنی تاوانبار سەعید قەزاز دەستپێکرد.. عەقید فازل عەبباس ئەلمەهداوی دانیشتنەکەی کردوە...

 بەناوی خوداو بەناوی گەلەوە..

سەرۆکی دادگا بانگدەکات: تاوانبار سەعید قەزاز..

تاوانبار سەعید قەزاز بانگ کرا بۆ ژوورەوە.. ئەو کەهاتە نێو هۆڵەکە، چووە نێو ڕکەی تاوانباران

سەرۆک: بۆچوونی خۆت بۆ دادگا ڕوونکەرەوە لەمەڕ ئەو تاوانانەی خراونەتە پاڵت..

تاوانبار: زۆرجار ئەوەتان دووپاتکرد کە بەرگری لەخۆ پیرۆزە.. تکادەکەم لەبەر ناوی ئەو پیرۆزییە مەهێڵن تا کۆتاییدێنم بە بەرگرینامەکەم کەس پێم ببڕێت..

سەرۆک: فەرموو..

تاوانبار: سوپاس... دەستبەجێ پاش هەڵگیرسانی شۆڕش خۆمدا بەدەستەوە لەلای دەسەڵاتدارانی لەشکر.. ئەویش پاش پەیوەندی تەلەفۆنیم بوو لەگەڵ متسەریف (پارێزگار)ی ئێستای بەغداو بەڕێوەبەری زانیارگریی لەشکر پێم ڕاگەیاندن کە هەرکات ئێوە بخوازن من ئامادەم بێمە لاتان.. ئەوەبوو پاش دوو کاژمێر ئەفسەرێک‌‌و ژمارەیەک سەرباز هاتنە ماڵەوە ڕاستەوخۆ منیان برد بۆ بارەگای شالیارگەی بەرگری.. مەبەستیشم لە گێڕانەوەی ئەو پێشەکییە بەدرۆخستنەوەی دادیاری گشتیە کە دەڵێت گوایە من لەترسی مردن جلی ژنانەم لەبەر کردووە.. ئەوە دەربڕینە بێبنەمایە..

سەرۆک: لەبریی وشەی بەدرۆخستنەوە بڵی ڕاستکردنەوە..

تاوانبار: بەڵێنم لە ئێوەی ڕێزدار وەرگرت کەس وتەکانم پێنەبڕێت..

سەرۆک: تۆ خواستت کەسێک پێت نەبڕێت.. ئەوە ناگەێنێت کە سەرۆکی دادگایش پێتنەبڕێت.. واتە مەبەستی تۆ ئەو هاووڵاتییە بەڕێزانەیە کە لێرە ئامادەن.. بەڵام ناکرێت ئێمە بێدەنگبین بەرانبەر بەو وشەی بەدرۆخستنەوەی ناوتهێنا.. پێویستە ڕاستیکەیتەوەو بیکەیت بە ڕاستکردنەوە..

تاوانبار: بەرگرینامەکە بەرگرییە لەمن‌و من واژووی دەکەم.. خۆم بەرپرسم لەگشت وشەیەکی تێیدایە..

سەرۆک: دادیاری گشتی درۆ ناکات.. ئەو زمانی گەلە... (چەپڵە) سەردەمی درۆو درۆزنان بەسەرچوو.. ئەوە بەناوی گەلەوە ڕاستدەکرێتەوە (چەپڵەو پێداهەڵدان).. دەی بەرگرینامەکەت بخوێنەوە.

تاوانبار: ئەگەر بەڕێزیان ڕاستگۆبووایە پەنای بۆ ئەوجۆرە دەلەسەیە نەدەبرد.. ئەگەر ئەو شارەزای ڕاستیی کەسایەتی من نەزانێت ئەوا زۆرکەس لە بەغدا یان لە دەرەوەی بەغدا دەزانن سەعید قەزاز کێیەو تا چی ڕادەیەک دەربڕینی ڕاستن. ئەوەی پاڵی بەمنەوە نابێت بەئارەزووی خۆ پەیوەندی بگرم لەگەڵ دەزگای لەشکر ئەو باوەڕەی من بوو کە بەرژەوەندیی وڵاتەکەمم ڕاست‌و دروست پاراستووە.. شتێکی ئەوتۆم نەکردووە پێویستکات لەچنگی یاسا هەڵبێم.. وەکتر، باوەڕم بەو بانگەوازانە کرد کە "سەرانی شۆڕش لەسەرەتادا بڵاویانکردەوە کە گوایە ئەوان شۆڕشیان کردووە دژ بە بارودۆخی ڕابوردوو.. ئەوە شۆڕشی ڕق‌و تۆڵە نییە بەڵکو ئەوان لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەوکەسانە دەکەن کە ناپاک بوون لەگەڵ نیشتمان.. لەوێشدا بە ڕێ‌و ڕەوشێکی ڕەوا دادگایی دەکرێن.. لە چاوپێکەوتنی سەرکردەی شۆڕش لیوا ڕوکون عەبدولکەریم قاسم‌یشدا ڕۆژی ١٥ی تەمووز (چەپڵە) ...

سەرۆک: بەرگرینامەکەی پێمەبڕن.. ڕەوش وەهایە ئەو لە بەرگری ببێتەوە ئەوجا بکەونە چەپڵەو پێداهەڵدان..

سەعید قەزاز گوتی: مەبەستم لەو پێشەکیی بەدرۆخستنەوەیە ئەو دەربڕینەیە کە دادیاری گشتی دەڵێت من لەترسی کوشتن جلی ژنانەم لەبەرکردووە، ئەو دەربڕینە بێ بنەمایە.

سەرۆک (کە زانی ئەوەی قەزاز گوتی زۆر ڕاستە، کەوتە پینەکردنی بارەکەو..) گوتی: پرۆسەی دادگایی درێژەی هەیە..

سەعید قەزاز: لەو کاتی دیدارەمدا لەگەڵ سەرکردەی شۆڕش شکۆدار لیواڕوکون عەبدولکەریم قاسم "بە وتەی نەرم سووبوونی خۆی دەربڕی بەوەی من هاوڕێی ئەوم" بەڵام بەپێی بارودۆخەکە پێویستە ماوەیەک لە بەندیخانە بەسەربەرم.. دیارە ئەویش بەپێی ئەو ناسیاوییەی لە نێوانماندابوو.. کاتێک من لە کەرکووک‌ موتەسەریف بووم ئەو لە بارەگای سپا (فرقة)ی دوودا پلەداربوو.. زۆر ڕوون‌و ئاشکرا پێم ڕاگەیاند کە "هەست بە ڕادەی بەرپرسایەتی ئەو دەکەم" هەروەک ڕۆڵی بەرپرسایەتی خۆم لە کردەوەکانم دەگرمە ئەستۆ لە بەرەوڕووی ئەو کۆمیتەی لێکۆڵینەوەیەی ئەو دەستنیشانی دەکات بۆ سزادانی دەسەپێت تاوانبارن.. پاش لە گیرانی من‌ بە ماوەیەک یاسای ژمارە ٧ بۆ ساڵی ١٩٥٨ بڵاوکرایەوە. لەگەڵئەوەی دۆشدامابووم لەسەر ئەو کاریگەریی بەرەوپاشەی یاساکە کە پێشتر هاوتای نەبووە، ئەو وتانەم وەبیرهاتەوە کە بە سەرۆکم وتبوو "خۆیشم پێ دڵنیا کردبوو" گوایە دادگایی بەپێی ڕەوشی یاسا دەبێت بۆیە پێویستە چاوەڕوانی ئەنجام ببم.. کاتێک دادگا کەوتەگەڕ، بینیم بەشێوەیەکی تایبەت بەڕێوەدەچێت "هەڵوێست بەگیرهێنانی تاوانبارو دیدران‌و سووکایەتی پێکردنیانە پتر لەوەی ڕوونکردنەوەی ڕاستی‌و گوێگرتن لە وتەیان بێت".. ئەو هەڵوێستەم بەوە هاتە بەرچاو کە لەئەنجام‌و دۆخی ئەو ماوەی ورووژاوییە پێویستکات بارەکەی وابێت بەڵام هەر ڕۆژێک دێت دامرکێتەوەو گشت شتێک بگەڕێتەوە سەر ڕێڕەوی ئاسایی خۆی.. سەرئەنجام "ڕۆڵ گەیشتە سەر من" بۆئەوەی وەک تاوانبارێک لەبەردەم ئێوەدا بوەستم‌و بۆیشم نەبوو ئەو پارێزەرەم ببینم کە بوو بە بریکارم‌ کە دەبوو لەڕۆژی یەکهەمدا بەرگریم لێبکات، دیارە لەبەرئەوەی نەیتوانی لە یەکهەم دانیشتندا ئامدەبێت، لەڕۆژی دووهەمیشدا کە ئامادەبوو بۆمنەبوو لەچەند خولەکی کەم بەولاوە بیبینم.. من هەر پێنج تا شەش خولەک بینیومە...

سەرۆکی دادگا وتەکانی بە سەعید قەزاز بڕی‌و ڕوویکردەپارێزەرەکەو پێیگوت: چیکات تۆ کە پارێزەری خواستووتە تاوانبار ببینیت یان لێرە ئامادەبیت ئێمە ڕێمان لەتۆ گرتبووە!!!؟

پارێزەر: سەرۆکی بەڕێز.. لەڕاستیدا هیچ بەربەستێک لەڕووی مندا نەبووە بۆ بینینی تاوانبار جگە لەوەی لە یەکهەم دانیشتندا نەمتوانی ئامادەبم، وەک خودی تاوانبار گوتی، بەهۆی هەندێک دۆخی ناهەموارەوە من پێنج خولەک دواکەوتم‌و بەهۆی قەڵەباڵغیی زۆرەوە نەمتوانی بێمە نێو هۆڵی دادگا، هاوکات لە ڕادیۆدا بیستم کە ڕێزدار سەرۆکی دادگا لەمن دەگەڕێت، دیارە ئەوەیش چاکترین نیشانە بۆ دڵگرانیی ئەو بە دووربوونی پارێزەر تەنانەی یەک خولەکیش لەتاوانبار.

سەرۆکی دادگا وەک لە سەعید قەزازی ڕوانی هاوکات ڕوویکردە دادیاری گشتیی‌و گوتی: کەواتە دەلەسەکانی تاوانباریش بەو کۆمەڵە دەلەسانە دەچن کە لەمڕۆژانەدا بۆمان هەڵدەبەسترێت.. بەڵام ڕاستی لە گەل بزرنابن ئەوان ڕاستی دەزانن چونکە گەلی عیراق گەلێکی ژیرە هەرگیز بە شتی پڕوپووچ فریو ناخۆن.. نە لەلایەن تاوانبار یانیش لە کەسانی تری بەکرێگیراوەوە..

دادوەری گشتی خۆی تێهەڵقورتان‌و گوتی: سەرۆکی بەڕێز... زانیاری پتر بۆ بەڕێزتان، ئەو پارێزەرە پێش لە خوێندنەوەی ڕاپۆرتەکەی من ئامادەبوو.. بڕوانن چۆن تاوانبار لەماوەی تەنها سێ ڕۆژدا ئەوەی لەیاد کردو کەوتووەتە درۆ.. باشە چۆن لە ڕۆژی ١٤ی تەمووزەوە تاوەکو ئەمڕۆ ئەوەی لەیاد نەکردبێت کە بە عاباوە هەڵهاتووە (دەنگی چەپڵە هۆڵەکە دادەگرێت).

سەرۆکی دادگا لەهەمان ئەوکاتەی لە سەعید قەزازی دەڕوانیت بە شکۆیەکی زۆرەوە چاو بەنێوی گۆمەڵی ئامادەبووی نێو هۆڵەکە دەگێڕێت بۆ پارێزەرکەو وەردەچەرخێتەوە بۆلای دادوەری گشتی‌و زۆر بە ساردی دەڵێت: بیهێڵن با بدوێت.. (داوم) پەتی درۆ کورتە.(١)

سەعید قەزاز لە پارێزەرەکەی ڕوانی‌و گوتی: فەرموون وا ئەمڕۆ کەوتووەتە بەرگری لەمن بێلەوەی توانای بینینی ئەوم بووبێت.. ئەو کەوتووەتە ڕوونکردنەوەی هەندێک ڕاستی سەبارەت بەو کێشانەی لە دادگادا ڕوویداوە !!! ئەگەرچی دۆخ لە دانیشتنەکانی پێشوویشدا هەر بەهەمان شێوە بووە، دیارە لەبەرئەوەی هەڵوێستی دادگا هەر لەسەرتاوە بێلایەنگیر نەبووەو بەزۆر شێوە سووکایەتیم پێکراوە.. نە تەنها لەلایەن سەرۆکی دادگاوە، بەڵکوو تەنانەت لەلایەن کەسانێکەوە هیچ فڕیان بەسەر کاری فەرمییەوە نییە.

سەرۆکی دادگا وتەکانی پێبڕی‌و گوتی: ئەوە خواستی گەڵە..

سەعید قەزاز گوێی نەدایە ئەو.. لەدرێژەی وتەکانیدا گوتی: ئەوەی من لێی دڵنیام ئەوەیە کە " دوا ئەنجامی من هەر پێش لە دەستپێکردنی پرۆسەی دادگاییەوە دیاری کراوە".. چا لەبەرئەوەی نەخشەی ژیانمتان هەر لەئێستاوە دیاریکردووە.. گشتکەس دوائەنجامی من دەزانێت.. بەوەیش کە من "هەرگیز لە مردن‌و سێدارە نەترساوم".. من بەوشێوەیە دەدوێم تا دەنگم بگاتە دەرەوەی دادگا.. واتە دەرەوەی ئەم هۆڵە.. بۆ گوێی برایانی عیراقیم.. بۆ ئەوەی بیسەلمێنم کە من...

هاوار لەناو هۆڵەکەدا بەرزبووەوە، سەعید قەزاز وەستاو بە لاچاوێکی سووکەوە لێیانی ڕوانی‌و گوێی بۆ ئەو هاتوهاوارە شلکردبوو کە دیگوت بیخنکێنن‌و خۆ قورتارکەن لە شەڕی ئەو..

سەرۆکی دادگا: وتەکانی پێمەبڕن.. بیهێن با تەواویکات.. مافی بەرگری لەخۆ کارێکی پیرۆزەو ئێمە پشتی پێدەبەستین بۆئەوەی هەرچی زووتر ڕاستییەکانی پێ ئاشکرا بکەین..

سەعید ڕوویکردە سەرۆکی دادگاو گوتی: من خواستم ئەوەیان تێگەێنم کە پتر لە سی ساڵ ڕاست‌و دروست کارم بۆ بەرژەوەندی ئەوان کردووە، ئەگەر هەڵەیەکیشم کردبێت ئەوا مافی ئەوەم هەیە بەرگری لەخۆ بکەم.. بەڵام وا پێمی ڕەوا نەبینن..

لەوڵامدا سەرۆکی دادگا گوتی: چۆن پێت ڕەوا نەبینراوە!!! ؟ دەی ئێستا بەرگری لەخۆت بکە.. کەی ئێمە ڕێمان لە بەرگری تۆ گرتووە؟

سەعید بە دڵزارییەوە گوتی: من بەکێش کراوم بۆ ئەم شوێنە تا لەلایەن بەرپرسان‌... هەروەها لایەنی چینێکی دیارەوەوە دووچاری کۆمەڵێک جوێن‌و سووکایەتی ببم.

سەرۆکی دادگا گوتی: گەل تۆڵەی خۆی دووقات دەکاتەوە، گەل ئەمڕۆ بەهێزە...(چەپڵەو پێداهەڵدان ناو هۆڵەکە دەهەژێنێت)

سەعید قەزاز بە بێئومێدییەکەوە گوتی: ئایا منتان هێناوە بەتایبەتی بۆ ئەو مەبەستە.. لەکاتێکدا دەبوو دادگا بێلایەن بێت تەنانەت لەگەڵ تاوانبارترین کەس تا ئەو ئاستەی تاوانی بەسەردا دەسەپێت‌و فرمانی دادی لەدژ دەردەچێت.. من چەندوچۆن لەسەر دیدەروانیی دیدەران دەرنابڕم چونکە ئەوان هەر لە سەرەتاوە بۆ من ئاراستە کراوون.. یەکێکیان تەنانەت پێشلەوەی بچێتە نێو بابەتی پێویست، کەوتە هەڵبەست خوێندنەوەو.. جوێن‌و توانج...

سەرۆکی دادگا: ئەی ڕامان نەگرت!!؟ .. ئێمە ڕامانگرت‌و پێمانگوت دەکاریت پاش دیدەروانییەکەت بیخوێنیتەوە..

لێرەدا سەعید وەڵامی دایەوە: بەڵام لەکاتی دادگاییدا کە مۆرکی گەلی پێوەیە نابێت وشەی ناشیرین بگوترێت، بێگومان گشت دیدەروانییەکان لەوجۆرە درۆو دەلەسانە بوون.. یانیش هیچ پەیوەندییەکیان بە بەرپرسایەکتی خودی منەوە نەبووە.. تەنانەت ئەو تاکە دیدەرەی پێی بە جەرگی خۆیدا نا هەندێک باش لەبارەی منەوە دوا، سەرۆک‌و دایاری گشتی لێی زویربوون.. لەخودا دەپاڕێمەوە بیپارێزێت.

سەرۆک: کامە؟

سەعید: شاکر ئەلعانی

سەرۆک: هەر لەبەرئەوەی پشتگیریی تویکرد؟.. ئێمە بەشێک لەو وتانەی ئەومان لابرد کە هەرگیز پەیوەندی بە تۆوە نەبووە.. ڕای گشتیش زۆر چاک دەزانن بۆ ئێمە وتەی ئەو‌و لایەنەکەی ئەو لادەبەین.. هەروەها دادوەری گشتیش ئەوە دەزانێت.. ئێمە تەنها وشەی "إدراک"ـمان شیکردووەتەوە کە ئەویش لە دووسێکەدا ماوە، هەروەها وشەی ڕاستەقینەی نەتەوایەتی.. ئایا تۆ لە نەتەوەییانی عەرەبی؟

سەعید: نا من کوردی عیراقم‌و شانازی بە عیراقیبوونی خۆم دەکەم.

دادوەری گشتی خۆی تێهەڵقورتان: ئەوە لەکاتێکدا شاکر العانی دادیاری گشتی بوو لە شالیارگەکەی نووری سەعیددا لیژنەی پاککردنەوەی دەزگاکانی ڕژێم لەگەڵ شالیاری ناوخۆ دەریانکرد، ئێستایش ئەو لەخودا دەپاڕێتەوە بیپارێزێت.. ئەمانە دەرچووی یەک فێرگەو لەهەمان مزەن.

سەرۆک: هەرگیز لەکاتی دیدەروانییەکەیدا بەوەم نەزانیوە!!! بێگومان دادیار بەئاگایە لەوە..

ئەوجا ڕووی کردە دادیاری گشتی‌و گوتی: پاش لێبوونەوەی تاوانبار لە بەرگرینامەکەی دەخوازم لەوەم بگەێنیت.. من هەر لە یەکهەمین خولەکەوە تا ئێستایش لایەنی دادگای گەل‌م نەگرتووە (جەپڵەو پێداهەڵدان هۆڵی دادگای داگرت).

ئەوجا سەرۆکی دادگا بە سەعیدی دەڵێت: باشە لەبەرچی تۆ بێئومێد بوویت!!!؟

سەعید: بێئومێد نیم.. بەڵام بەڵێن وابوو کاتێک من بەرگری بخوێنمەوە کەس پێم نەبڕێت.

سەرۆک: باشە ئەوە بەرگرییە یان هێرش بردنە؟

تاوانبار: بەهەر شیوەیەک بێت من بەرپرسم لەو وتانەی تێیدا هاتوون، داخوازیی من ئەوەبوو بەناوی پیرۆزیی ڕەوشی بەرگریەوە بێت.

سەرۆک تیژ چاوی بڕییە تاوانبار سەعیدو گوتی: تۆ وەک ئەوکەسە دەکەیت کە دەخوازێت بە خەنجەرێکەوە بچێت بۆ پێشوازیی کەسێک‌و پێی بڵێت دەخوازم بەناوی دۆستایەتیی پیرۆزەوە تەوقەت لەگەڵ بکەم بەڵام بیداتە بەر خەنجەر. هەروەک دوێنی ڕوونمانکردەوە.. هەبوو دەیویست بەناوی دۆستایەتی‌و بەناوی شۆڕشەوە سەرکردەی شۆڕش بکوژێت کە هاوڕێی خۆی بوو(٢) .. (داوم) واتە وتەکانت تەواوکە

تاوانبار: بەڵام ئەو تاوانانەی دادوەری گشتی ڕووبەڕووی منیان دەکاتەوە، هەر لە کۆنەقین دەچێن چونکە هیچ بنەمای یاساییان نییە.

سەرۆک وتەکانی پێبڕی‌و گوتی: ئەرێ پێشتر یەکترتان ناسیوە!!؟ واتای قین دوژمنایەتی نێوان دوو کەس دەگەێنێت، خۆ ئەگەر مەبەستت قینی گەل بێت دژ بەتۆ، ئەوە ڕێی تێدەچێت، ئایا شیکردنەوەکەم هەڵەیە.

تاوانبار سەبارەت بە کێشەکەی لە بەسرە ڕوویداوە: یەکهەم؛ چوونی من بۆ بەسرا ڕۆژی ١٥ی کانوونی دووی ساڵی ١٩٥٣ بوو مەبەستیش کۆتاییهێنان بوو بەو ئاژاوەیەی ببوە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی گشتی‌‌و هەڕەشە لەسەر سەربەستیی ئەو هاووڵاتییانەی دەیانویست بچنەوە سەر کار لە کۆمپانیای نەوت‌ بۆ دابینکردنی مووچەی ڕۆژیان. پەیوەندیی من لەڕووداوی ناوبراودا لە کەسێکی سەرپەرشتیار بەولاوە کاری کردبێت لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی دەڤەرەکە چیتر نەبووە، ئەویش بەپێی ڕەوشی ئەو یاسایەی هەبوو بۆ دابینکردنی تواناو مافی کارکردنی ڕەوا بۆ مەردم.. بەڵام گشت کارڕاییەکی تری پێویست لەلای دەزگاکانی داد بووە.. دەخوازم لەوبارەوە پرس بخەمە لای شالیاری ناوخۆی ئەمڕۆ کە لە دووهەم ڕۆژی بڕیاردانی "یاسای بنبڕی" (قوانین عُرفية)ی ئەو سەردەمە ئەو بوو بە دادوەری لەشکری، هەروەها سپاداری لەشکریی ئەمڕۆ کە لەوکاتەی سەپاندنی یاسای بنبڕییەدا ئەو بوو بە سەرۆکی دادگای لەشکریی بەسرا، تا بزانن ئەگەر من بووبێتمە هۆی باری زەدەدارییەکان. هەرچی ئەو ڕووداوانەیشە کە بەداخەوە لە نەجەفی پیرۆزدا ڕوویدا، ئەوانەیشی پاش دەستدرژییەکە بۆ سەر میسر لەمانگی تشرینی ساڵی ١٩٥٦دا لە حەی‌و بەغدا ڕوویاندا، پەیوەندی من پێیانەوە لە شالیارێکی نێو شالیارانی حکوومەتی ئەوڕۆژە بەولاوە چیتر نەبووە، هەر هەڵوێستێکیش لەکاتی ئەو ڕووداوەانەدا یان بەهۆیانەوە لەمنەوە دەرچووبێت هەر بەپێی یاسای ڕۆژ بووە بۆ پارێزگاری لە نیشتمان. هەرچی  رووداوەکەی سلێمانی‌یە بەهۆی گەڕانەوەی تەرمی خوالێخۆشبوو شێخ مەحموودەوە بوو بۆ ئەوێ، من چەند کاژمێرێک پاش ڕوودانی لەلایەن بریکاری موتەسەرفی شارەوە پێم ڕاگەێنراوە، تاکە هەڵوێستی لەمنەوە دەرچووبێت‌ ئەوەبووە لەپێناو دامرکاندنی دۆخدا کارەکە جێهێشتووە بۆ دادگا ڕەوشییەکان تا لەوانە بکۆڵنەوە کە بوونەتە هۆو لەبەر ڕۆشنایی لێکۆڵینەوەکاندا سزا بدرێن، ئەوەیش کاتیخۆی هەر سڤیل پێیهەستان. بەڵام سەبارەت بەوەی من دەستم وەردابێت لە کاروباری هەڵبژاردن‌و دەسنیشانکردنی کاندید بۆ پەرلەمان، بەکورتی دەڵێم؛ سکاڵا سەبارەت بەو بارە زۆرجار لەلایەن کەسانێکەوە بووە کە دەیانویست کاربەدەستانی میری ببنە پشتگیرییان چونکە لە بازنگەی هەڵبژاردنەکانیاندا بارستاییا ئەوتۆیان نەبووە، کاتێکیش سەرکەوتنیان بەدەست نەهێناوە بوونەتە پێشهەنگی ئەوکەسانەی گوایە دەپاڕێنەوە بۆ سەربەخۆیی هەڵبژاردن‌ دژ بە دەستێوەردانی ڕژێم تێیدا.

سەعید قەزاز، لە درێژەی خوێندنەوەی بەرگرینامەکەیدا گوتی: بەرپەرچدانەوەی من بۆ وتەی دیدەروانان لەو ڕووەوەیە کە لەهیچ یەکێک لەو ڕووداوانەدا کە تاوانی تێدا دەرکەوتبێت، دەرنەکەوتووە من سەرپێچیی یاساییم تێیدا کردبێت.. وا من وەستاوم مردنی خۆم لەنێو دوو کەوانەدا یان نزیکتیشی دەبینم.. هەرگیز سێدارە من ناترسێنێت.. کاتێکیش سەردەکەومە سەر سەکۆی قەنارە.. لەبەرپێمدا کەسانێک دبینم شایانی ئەوە نین لەم ژیاندا بمێنن.. من ئەمڕۆ لەبەردەم خودای مەزن‌و پڕشکۆدا وەستاوم وەک موسوڵمانێک دوای وشەی ئەوەیە؛ لەدادوەریی ئافریدەر بەولاوە هیچ ئومێدی تری نەبێت.. لە ئاینی ئیسلامیش بەولاوە هیچ باوەڕێکی تری نییە.. وەک عیراقییەکیش کە سی‌و سێ ساڵی بەخشیبێت لەپێناو یەکپارچەیەی عیراقی پیرۆزدا.. وا لەڕووی سەران‌و دیدەرواناندا بە ئاشکرای دەڵێم کە سەربەرزم بەو کارو فرمانانەی پێشکەشم کردوون بە نیشتمانی خۆشەویست‌و.. سەربەرزم بەوەی بەهۆی موسوڵمان بوون‌و نیستمان پەروەریمەوە بەپێی ڕەوشی ئەو یاسایەی وڵات بەرنگاری کۆمۆنیستی بوومەتەوە کە تا ئێستایش لەکاردایە.. سەربەرزم بەوەی وەک شالیارێکی کاراو بەپێی سرووشی خودایی‌و ئەو ئاوەزەی لە سەرمدایەو ئەو دڵەی لەسنگمدایە هەڵوێستم کردووە...

لێرەدا سەرۆکی دادگا ڕوویکردە تاوانبار سەعید قەزازو پڕبەدڵ پێکەنی‌.. گوتی: مافی بەرگری لەخۆ پیرۆزە، بەهەر شێوەیەک دەخوازێت با بەرگری لەخۆی بکات ئێمەیش بەقورسی سەنگەرمان لێگرتووە..(دەنگی چەپڵە هۆڵی داگرت) ... سەعید قەزاز، بێلەوەی گوێبداتە ئەوان درێژەیدا بە خوێندنەوەی بەرگرینامەکەی‌و هۆشیاریی دەدان لە شەڕانگیزی کۆمۆنیستیی جیهانی‌و مەترسیی ئەو لەسەر نیشتمانی خۆشەویستی.. هەروەها گوتی؛ خۆ ئەگەر لەئەنجامی ئەم جەنگەم من تووشی هەرچییەک ببم ئەوا بەدڵێکی پڕ باوەڕەوە پەسەندی دەکەم‌و دەبمە مایەی شانازی بۆ کەسوکارو خزمەکانم وەک یەکهەمین گیانبەخشی ئەو پێناوە، بۆیە لە کۆتایی بەرگرینامەکەمدا.. خواستی بەزەیی‌و لێبوردن لە هیچ کەس ناکەم بەڵکوو کارەکە جێدێڵم بۆ خودا.. چاوەڕوان دەبم تا خودا دادی خۆی دەدات چونکە هەر ئەوە بەهرەوەرترین دادوەر..

سەرۆکی دادگا ڕوویتێکرد‌و گوتی: گوێ بگرە.. بێگومان پێش لەوەی بکەوینە گفتوگۆ.. هەمانکات ڕووی وەرگێڕا بەرەو دادیاری گشتی‌ پاشان بەرەو دانیشتووان‌و گوتی: گوێتان لە شێوە گفتاری خولی لەناوچوو هەیە؟ هەروەها پێداگریی تاوانبارو دیاردەکانی.. زیرەکیی زۆرو.. درۆ کوتوپڕیی لەسەر ئێمەو سەر دادیاری گشتی.. ئاساییە هاوشێوەی درۆودەلەسەو زوڕنای کۆنەپەرست‌و کۆلۆنیالان بێت.. ئەوجا کەوتە گێڕانەوەی چیرۆکێک سەبارەت بە خۆی‌و جەبار مەهداویی برای کە لەوێ دانئشتبوو.... زۆری لەسەر ڕۆیشت پاشان گەڕایەوە بڵێت: پەیمانم لەگەڵ خۆم بەستووە کە پاش ئاشکرابوونی ئەو درۆودەلەسانە.. هەروەها درۆکانی تاوانبار.. چیتر وڵامی سەگوەڕ نەدەینەوە.. چونکە وەک ڕوونمکردەوە خودی گەڵ ڕاستییەکان ئاشکرا دەکات.. ئەو لە ١٤ی تەمووزی هەمیشە زیندوو بەدواوە هیچ درۆیەک فریو نادات (چەپڵەو پێداهەڵدان هۆڵی داگرت)..

سەرۆکی دادگا ڕوویکردە تاوانبارو گوتی: ئایا یاسای بنەڕەتی ئازادیی دەربڕینی بۆ کاتی هەڵبژاردن دابین کردبوو بۆ هاووڵاتیی عیراقی؟

تاوانبار: بەڵێ..

سەرۆکی دادگا: ئایا هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەشێوازی ڕاست‌و بەگوێرەی ئارەزووی گەل بوو؟

تاوانبار: گشت ئەنجومەنەکانی نوێنەر بەپێی یاساکانی ڕۆژی خۆی هەڵبژێردراون.

سەرۆکی دادگا: وڵامی پرسیارەکەم بدەرەوە.. ئایا هەڵبژاردنەکان ڕاستبوون؟

تاوانبار: نوێنەر بەپێی دەقی ئەو یاسایانە هەڵبژێردراون کە لەو سەردەمەدا هەبوون.

ئایا بەگوێرەی خواستی گەل بوو؟

تاوانبار: بەپێی یاساکانی سەردەمی خۆی هەڵبژێردراون (پێکەنین هۆڵەکە دادەگرێت)

سەرۆکی دادگا: ئەوەی بەپێی یاسا نەنگە.. نازانین بۆ دەستت وەرداوەتە پرۆسەی هەڵبژاردن لەپێناو بەرژەوەندیی تاخمێکی دیاریکراو.. ئەو نوێنەرانەی لە کۆندا لایەنگری ڕژێمی چەرخی لەناوچوو بوون‌و.. هەروەک دیدەروانەکان گوتیان.. تۆ ڕێگەت نەداوە بە کاندیدی نوێ.

تاوانبار: هیچم نییە بیخەمە سەر ئەو بەرگرینامەیەی خوێندمەوە.

سەرۆکی دادگا: ئایا فرمانی لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە گونجاوبوو لەگەڵ بەندەکانی یاسای بنەڕتی؟

تاوانبار: بنەمای لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە لە ساڵی ١٩٥٣وە هەیە پەنا بە یاسای ڕەگەزنامەی عیراقی ساڵی ١٩٢٣، دەشێت ڕەگەزنامەی عیراقی لە گشت ئەو عیراقییانە بسەنرێتەوە کە کاردەکەن بۆ وڵاتێکی بیانی لەکاتێکدا پێی گوترابێت دەستبەرداری ئەو کارەبێت بەڵام ئەو گوێی پێنەدات..

سەرۆکی دادگا: ئایا بنەڕەتی ئەوەی نەگوتووە کە هیچ عیراقییەک نابێت دەربکرێت

تاوانبار سەعید قەزاز: ماوەم پێبدە.. ئەوجا لەپاش یاسای بنەڕەتی لەساڵی ١٩٣٣دا یاسایەکی تر دەرجوو ماوە دەدات بە کێشانەوەی ڕەگەزنامە لەو کەسانەی بەر لە جەنگی جیهانگیری یەکدا لە ڕەچەڵەکی عیراقی نەبوون.

سەرۆک دەستبەجێ گوتی: ئەوە دژبوو بە یاسای بنەڕەتی یان نا؟

وڵامی قەزازیش خێرا هات: داڕشتنی ئەوە لەلایەن ئەنجومە ڕەوشییەکانی پەرلەمان‌و ڕژێمی ئەوکات‌و دەزگای تۆمارگەی یاساییەوە بوە، ڕووی ئەو پرسیارە نابێت لەمن بێت چونکە بوونی یاسا لەخۆیدا ڕەوشە بۆ وڵات..

سەرۆکی دادگا لە تاوانباری ڕوانی‌و بەئەسپایی پێیگوت: بۆچی بەهانەت بۆ وڵاتپارێزان دروستکرد تا دوورخرێنەوە.. بۆ نموونە کەسانی وەک عەزیز شەریف‌و کامل قەزانچی‌و تۆفیق مونیر.. کە تەنانەت ناگونجێت لەگەڵ ڕەوشی لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە!!!؟

سەعید قەزاز: من نابەجێیم نەکردووە بەڵکو بەپێی ئەو یاسایە کارمکردووە کە ئەوەڕۆژە لەکاردابووە.

سەرۆک: تۆ چۆن ئەونت کرد بە بیانی؟

تاوانبار: بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی شالیاران لێیان سەندراوەتەوە.

سەرۆک: باشە ڕاستە ئەوان بیانی بوون؟

تاوانبار: بەگوێرەی یاسا.. یاسایش ئەنجومەنی نوێنەران‌و ئەنجومەنی باڵا.. قۆناغ بەقۆناغ چووەتە تۆمارگە، بەشی شیکاریی یاسایی کە یەکێکە لە کۆمیتەکانی شالیارگەی داد، پاشان بۆ دیوانی تۆمارگەی یاسایی سەرئەنجام داڕێژراوەو بووە بە یاسا.. یاسایش پێویستە گشتکەس ملکەچیبێت.

لێرەدا شێوەی لێدوانی سەرۆکی دادگا گۆڕاو بە تاوانباری گوت: ئێستا گوتت من موسوڵمانم‌و باوەڕم بە خودا هەیە، توو باوەڕت‌و بە موسوڵمانەتییەکەت سوێنت دەدەم؛ ئەوانە بیانین؟

سەعید قەزاز دەسبەجێ وەڵامی دایەوە: من ڕوونمکردەوە کە یاسا بەسەریاندا سەپاوە، ئەوە کارێکە ئەنجومەنی شالیاران بڕیاری داوە بەپێی ئەو یاسایەی تا ئێستا لەکاردایە..

سەرۆکی دادگا زۆر بەتوندی وەڵامی دایەوە: بەگوێرەی موسوڵمانێتی‌و باوەڕەکەت وەڵام بدرەوە.. ئایا ئەوانە بیانین..

سەعید قەزاز بە ئەسپایی گوتی: عیراقی بوون کاتێک ڕەگەزنامەکەیان لێسەندرایەوە بوون بە بیانی..

سەرۆک: ئایا ئەوە ڕاستە!!!؟

تاوانبار: یاسا بەڕاستی دادەنێت..

سەرۆک: ئەی ڕاستی...

تاوانبار: پێویستە گشتکەس ملکەچی یاسابێت..

سەرۆکی دادگا ماوەیەک دۆشداما پاشان بەتوندی گوتی: هیچ یاسایەکی ناڕاست بە یاسا ناژمێردرێت.. بەڵکوو بووچەڵە.. ئەوەیش بەپێی رەوشی یاسا.. واتە یاسا ڕاستەقینە، نەوەک یاسای قەڵب..

تاوانبار بەساردییەکەوە: باشە بۆ تائێستا هەڵنەوەشاوەتەوە؟

سەرۆک: لەپاش شۆڕشی تەمووزەوە بە پووچەڵ دەژمێردرێت، وا لەڕێی داڕشتنی یاسایەکی نوێداین.

تاوانبار: هێشتا پووچەڵ نەکراوە!!

سەرۆک: ئایا کەسی پێ دوورخراوەتەوە؟

تاوانبار: من لە بەندیخانەم.. بێئاگام لەوە..

سەرۆک: بەپێچەوانەوە بەڵکوو گشت دوورخراوەکانیان گێڕایەوە (چەپڵەیەکی زۆر)

سەرۆکی دادگا ڕووی لە تاوانبار کردو گوتی: گەڕانەتەوە یان نا؟

تاوانبار: نازانم..

سەرۆک: ئیتر بۆ ڕەخنە دەگریت؟

تاوانبار: بەهیچ جۆرێک رەخنەم نەگرتووە..

سەرۆک: ئەی نەتگوت ئەو یاسایانە تائێستایش لەکاردان؟ باشە لەسەر کێ؟

تاوانبار: بەپێی ئەو زانیارییانەی پێمگەیشتوون یاساکان هێشتا ماون..

سەرۆک: بێگومان... دەستووری کاتی داڕێژرا... پاشان‌و لەبەر ڕۆشنایی ئەو دەستووری هەمیشەیی دادەنرێت‌و بەدوایدا یاساو رێساو ئامۆژی تر دێن.. خۆ ئەویش بە یەک شەووڕۆژ نابێت.. ئایا لە شەووڕۆژێکدا ئەوە دەکرێت؟.. یان بە مانگ‌و دوو مانگ؟.

تاوانباربە ئەسپاییەوە: من چیم بەوکارەوە هەیە..

سەرۆک بە ئەسپاییتر گوتی: ڕێسا کۆمارییەکان ئامادەکراون‌و گشتیان پێچەوانەی یاساکانی ئێوەن..

دادیاری گشتی خۆی تێهەڵپورتان، ڕوانییە سەرۆکی دادگا‌و گوتی: تاوانبار تائێستایش چەرخ‌و هزری نووری سەعیدو دۆخی ئەو باڵیۆزخانەیەدا دەژی کە نۆکەریی بوون.. شۆڕشی ١٤ی تەمووز تەنانەت یاسای بنەڕەتیشی گۆڕی (دەنگی چەپڵە بەرزبووەوە)... دادوەری گشتی لە سەعید قەزازی ڕوانی‌و گوتی: دەستوورێکی کاتیش دارێژراوەو بووەتە پشت‌و پەنا بۆ پاراستنی ماف لەگشت سەربەستییەکان.. سەعید قەزاز ئاوڕێکی لێدایەوە بێلەوەی گوێیبداتێ یان وڵامی بداتەوە.

سەرۆک: ئایا داخوازیی کرێکارانی بەسرا ڕەوابوو یان نا؟

تاوانبار: ئەوە لە سنووری کاری شالیاری کاروباری کۆمەڵایەتی بوو، ئەو پیاوە چوو بۆ پشکنین‌و لێکۆڵینەوە، ئەوە کارێکی تایبەت بەوبوو..

سەرۆک: تا ئێستا دەرتنەبڕیوە ئایا تۆ لەانە بەرپرسبویت یان نا؟ یان داخوازییەکانی ئەوان ڕەوابوون یان نا؟

تاوانبار: شالیاری بەرپرس لەو بارە شالیاری کاروباری کۆمەڵایەتی بوو ئەو لێکۆڵینەوەی ئەنجامداوە، لەلایەن منەوە لێکۆڵینەوە نەکراوە لەمەڕ داخوازیی ئەوان.

سەرۆک: ئەی چارەس بۆ ئەو جۆرە کارە ناگەڕێتەوە بۆ شالیارگەی ناوخۆ؟

تاوانبار: کام کارە..

سەرۆک: پرسینەوە لە کاروباری کرێکاران.. ئایا شالیارگەی ناوخۆ بەرپرس نییە لێیان؟..

تاوانبار: بەوپێیەی کۆمپانیا داخوازییەکانی ڕوونکردەوە.. سنووری دەسەڵاتی شالیارگەی کاروباری کۆمەڵایەتی بوو.

سەرۆک: ئەی بۆچی تۆ چوویت بۆ بەسرا؟..

تاوانبار: چووم بۆئەوەی فرمان بەجێبگەێنم لە دابینکردنی سەربەستی ئەو کەسانەی دەیانویست بچنەوە سەرکاری خۆیان..

سەرۆک: ئەوانە کێبوون؟

تاوانبار: کرێکاربوون لە کۆمپانیای نەوت.

سەرۆک: بەپێچەوانەی دەسەڵاتی خۆت ڕەفتارت کرد؟

تاوانبار: دابینکردنی سەربەستی بۆ کۆمەڵ سەرپێچی نییە.. شالیاری ناوخۆ بەرپرسە لە سەروماڵی گشتی‌و سەربەستیی ئەوان..

سەرۆک: ئەی بۆچی فرمانت داوە بە بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانی کرێکارەکان؟

تاوانبار: من هیچ جۆرە فرمانێکم نەداوە..

سەرۆک: فرمان بەوەی تەقەیان لێبکەن.. وەک دوێنێ گوێبیستی دیدەروانان بوویت..

تاوانبار: بەگم... دیدەروانان وەک لە بەرگرینامەکەمدا گوتم.. ئەو دیدەروانییانەی وا ئێستایش لێیان دەدوێیت.. گشت ئەوانە دیدەروانیی درۆن‌.. گشتی هەڵبەستراون.. بەگشتی دوورن لە ڕاستی..

سەرۆک: دەبێت کێ هەڵیبەستبن یان ڕێکیخستوون.. تۆبڵێیت دادگا کردبێتی؟

تاوانبار: من نایزانم...

سەرۆک: محەمەد عەبدولعەزیز و ئیبراهیم ئەلقازی؟ گوێت لە دیدەروانییەکانیان بوو؟

سەرۆک: ئایا ئەوانەیش هەڵبەستراوبوون؟

تاوانبار: گشت خواستی من لەوان ئەوەبووە سەربەستی دابینکەن بۆ ئەو کەسانەی دەخوازن بچنەوە سەر کار..

سەرۆک: ئەی لەکۆڕەکەی فڕۆکەخانەدا نەبوویت؟

تاوانبار: من لە ئوتێلی شەت العەرەب دابەزیبووم.. زۆربەی کرێکارو سەرکردەی کار هاتن بۆ لام.. لەنێویاندا بەرپرسی بەشی دارتاشی‌و بەرپرسی بەشی ئاسنگەری، سکاڵای ئەوەیان بوو کە ئەوان دەخوازن کاربکەن‌و لەمنیان خواست یارمەتییان بدەم تا بتوانن بچنەوە سەر کار..

سەرۆک: کەواتە... بۆ خەڵاتت بەو پۆلیسانە بەخشی کە فرمانی تەقەکردنەکەی تۆیان بەجێهێنا؟ گوێت لە دیدەروانییەکەی ئیبراهیم ئەلقازی نەبوو؟

تاوانبار: پۆلیس.. لەوە زیرەکترن بۆ ئەنجامدانی کاری یاسایی خۆ بە فرمانی من بێت.

سەرۆک: لەتوێی دیدەرنامەو ڕاپۆرتی بەرپرساندا دەرکەوت کە پۆلیس تەقەی لەو خوێندکارانە کردووە کە لە خوێندگەکانی نەجەفی پیرۆزدا مانیان گرتبوو... سەرئەنجام هەندێک خوێندکار کوژران یان بریندا بوون.. کارڕاێکیی تۆ چیبوو بەرانبەر بەوانەی بەرپرسبوون لە تەقەکردن؟ ئایا یاسا ڕێدەدات خوێندکار لەنێو خوێندگەی زانیاریدا بکوژرێن؟ ئایا ئەوە پەیوەندی هەیە بە موسوڵمانەتییەوە؟

تاوانبار: گشت تاوانی لەکاتی ئەو ڕووداوانەدا بوون.. دەزگای دادوەریی هەمان ئەو شوێنانەی ڕووداویان تێیدا بووە لێکۆڵینەوەی یاساییان سەبارەت کراوەو فرمانی خۆیان بەرانبەر تاوانباران ئەنجامدراوە، ئەوانە هیچ پەیوەندی بە فرمانی منەوە نییە.

سەرۆک: وەک چوونت بۆ بەسرا، بۆ نەچوویت بۆ نەجەف، بۆ نەجەفی پیرۆز؟

تاوانبار: نەچووم.. بەڵام هەندێک هاوکاری خۆمم نارد بۆ هێوەرکردنەوەی دۆخ.

سەرۆک: بۆ.. باوەڕت بە پیرۆزیی ئەو شارە نەبوو!!!؟

تاوانبار: پیرۆز.. منیش ڕێزم هەیە بۆ پیرۆزیی ئەو شارە.

سەرۆک: کەواتە بۆ بەڕاستی ئەو ڕێزەت لێنەنا!!!؟

سەعید قەزاز بەهێمنییەکەوە: چی دیاردەیەک هەیە بۆ بێڕێزی من؟

سەرۆک: تۆ شالیاری ناوخۆ بوویت‌و ئەوێیش لەسنووری کارڕایی تۆیە بەرانبەر بە خۆپیشاندەران..

تاوانبار: تاکە یەک نیشانەم بدەرێ ڕێزنەگرتنی من بنوێنێت لەو پیرۆزییە!!!؟

سەرۆک: دەشێت کوشتنی مەردم لەوێدا بە ڕێزگرتن لە پیرۆزی بگەێنێت؟

تاوانبار: لەلایەن منەوە نەبووە...

سەرۆک: تۆ کە شالیاربوویت بەرپرسی یەکەم نەبوویت؟

تاوانبار: من بەرپرس بووم لە شالیارگەی ناوخۆ.. بەڕێوەبەرایەتی شالیارگەی ناوخۆ لەئەستۆی من بوو..

سەرۆک: ئەی دوو کەس لەنێو سەحنەی پیرۆزدا نەکوژران؟

تاوانبار: سەبارەت بە کوشتارو رووداوە ناهەموارەکانی لە "حەی"و "نەجەف" وەک ئاماژەم پێکرد دەزگا دادوەرییەکان کارڕاێکی‌و لێپێچینەوەی یاساییان کردووە..

سەرۆک: ئەگەر بەڕاستی موسوڵمان بویتایەو باوەڕت بەخودا هەبوایە دەبوو دژ بەو کردەوانەبیت!!!

تاوانبار: دژ بەوکارانە بووم‌و بەڕێوەبەری پۆلیس‌و ئەو ئەفسەری لەوێ بووە بەدەستی من لەسەر کار لابران.

سەرۆک: بۆ ئەو پیرۆزییەی نەجەف تۆی بۆلایخۆی بەکێش نەکرد.. بەڵام کۆمپانیایەکی بیانی توانی تۆ بەکێشکات؟

تاوانبار: بەگم.. کام کۆمپانیا بیانییە..

سەرۆک: کۆمپانیای نەوت لە بەسرە..

تاوانبار: ئەو پیرۆزییەی نەجەف لەدڵی منیشدا هەر بیرۆزە..

سەرۆک: ئەی تیسۆ؟ (قاقای پێکەنین بەرزبوەوە)...

مەهداوی درێژە بە وتەکانی دەدات‌: ئەوەی ئاشکرابووە پۆلیسێکی نهێنی تەقەی لە خۆپیشاندەرانی نەجەف کردووە بۆئەوەی ئاژاوە بنێتەوە لەنێوان گەل‌و سپادا، بۆچی فرمانتدا بە داخستنی کێسەکەو نەتنارد بۆ ئەنجومەنی بنبڕیی ئەو سەردەمە... ئایا ئەوەیش درۆیە...

تاوانبار: داخستنی کێس بەپێی یاسا دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی دیوان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیس.. ئەوە کاری شالیارگەی ناوخۆ نییە..

سەرۆک: کەواتە تۆ نەتخواستووە؟

تاوانبار: هەرگیز..

سەرۆک: هەرگیز؟

تاوانبار: هەرگیز

سەرۆک: ئەی دیدەروان، زەعیمی خانەنیش ساڵح زەکی موسلح کە گشتمان چاک دەیناسین ئەفسەرێکی ڕاستگۆیە.

تاوانبار: وێڕای ڕێزم بۆ ئەو لەکاتی گێڕانەوەی دیدەروانییەکەی تێبینی خۆمم لەسەر داوە...

سەرۆک: ئەی ئێستا چیدەڵێیت؟

تاوانبار: دەڵێم داخستنی دۆسێ‌و ڕاگرتنی لێکۆڵینەوەی یاسایی کاری شالیاری ناوخۆ نییە بەڵکوو کاری دیوانە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیس..

سەرۆکی دادگای تایبەت خواستی سەعید قەزاز بەگیر بهێنێت کە دەڵێت:هۆی بەکارهێنانی ماکینتۆش چیبوو وەک پسپۆر لە بەڕێوەبەرایەتی گستیی پۆلیسدا داتمەزران؟

تاوانبار: ماکنتۆش کێیە؟

سەرۆک: ماکنتۆش.. پسپۆری بەریتانی.. نایناسیت؟

تاوانبار: پۆلیسیش وەک دەزگاکانی تری میری پێویستی بە گۆڕانسازی هەیە.. کێشەی پۆلیسیش یەکێکبو لەو گرێیانەی لە ئەنجومەنی شالیاراندا مشتومڕی لەسەر دەکرا تا کەسێکی پسپۆر دامەزرێنن بۆ ڕێکخستنەوەی باری ڕاهێنان‌و بەڕێوەبردن.. بڕیاردرا لەڕێی شالیارگەی دەرەوە کەسێک بدۆزنەوە بۆ ئەو کارە.. ئەوەبوو ئەوکەسە دەستنیشان کرا.. لەکاتی هاتنیدا تاکە فرمانی من ئەوەبوو کە ئەو پسپۆرەی پۆلیس ڕاستەوخۆ لەبن فرمانی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسدا کاردەکات..

سەرۆک: پسپۆریی ئەو لەچیدابوو؟

تاوانبار: لە کاری بەڕێوەبردن‌و دیسپلین..

سەرۆک: سەرکوتکردنی خۆپیشاندان؟

تاوانبار: کاری بەڕێوەبردن‌و توندوتۆڵی.. من نەچوومەتە نێو وردەکاریی پیشەی ئەوو ڕێنمایی ئایا لەلایەن منەوە دەرچووە یان لایەن بەڕێوەبەری پۆلیس لە شالیارگە.. ئەو کەسێک بوو لەبن فرمانی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسدا کاریکردووەو فرمانەکانی بەپێی ڕێنمایی نێو ئەو بازنگەیە بووە..

سەرۆک: بەڵام پاشان پسپۆرییەکەی بۆ بە پیشەیەک دژ بە خۆپیشاندان؟

تاوانبار: هەندێکجار بەرپەرچدانەوەی خۆپیشاندان ئەگەر بێمۆڵەتێت، یان ئەگەر زیانی بۆ ئاسایش ببوایە.. ئەوە لەخۆیدا کاری پۆلیسە..

سەرۆک: بێینەوە سەر پرس لەسەر ماکینتۆش؟

تاوانبار: من بۆم ڕوونکردنەوە.. ئەنجومەنی شالیاران بڕیاری دامەزراندنی داوە..

سەرۆک: لەکوێوە هێناتان؟

تاوانبار: شالیارگەی دەرەوە پەیوەندی کرد بە باڵیۆزخانەی عراق لە لەندەن.. باڵیۆزخانەیش ئەو کەسەی دەستنیشانکرد..

سەرۆک: پێموایە ئەو لە "هۆنگ کۆنگ" بوو؟

تاوانبار: من ڕابوردووی نازانم.. ئەو دەسنیشانکراوە وەک گشت پسپۆران لەدەزگا میرییکانی تری وەک کشتوکاڵ‌و تەندروستی‌و گشت هاوشێوەکانی کاردەکەن..

سەرۆک: ئایا موسوڵمانەتی‌و باوەڕ بەخودا ئەوەیە بشت بە پسپۆری بەریتانییانی کۆلۆنیالیست‌و دڕندە ببەستن؟ ئایا ئەوەیە موسوڵمانەتی‌و باوەڕ بەخودا؟

سەعید بەئەسپایی گوتی: ئایا دەزگاکانی دەوڵەت لەسەرەتای دامەزرانییەوە تاوەکوو ئەمڕۆیش هەر بەو بیانییانە نەچووە بەڕێوە کە لەشێوەی پسپۆردا دامەزراون بۆ بەڕێوەبردنی کاروبار!!!؟

 لەبری ئەوەی سەعید ورەی بەربدات، سەرۆکی دادگا قوشقی بوو قیڕانی بەسەر سەعیدا..

سەرۆک: ئاخر بۆئەوە دادگاییتان دەکەین.. ئەی شۆڕشی ١٤ی تەمووزی مەزن بۆچی هەڵگیرسا؟ (چەپڵەیەکی زۆر توند هۆڵەکەی هەژاندو سەرۆکی دادگا هۆشی لەلای خۆ نەمابوو کەوتە هاوار)

دیسان سەرۆک:.. ئەوەتا تەڵە گرتی.. هەرگیز کەس ناتوانێت لەچنگی گەل دەربازبێت.. (دیسان چەپڵە هۆڵەکە دەهەژێنێت) بەڵام سەعید قەزاز زۆر ئاسایی لەوانەی دەڕوانی کە چەپڵە دەکوتن‌.. هەروەها لە سەرۆکی دادگا.. ئەوجا سەرۆکی دادگا پێیزانی کەوا خۆی بەر تەڵەکە کەوتووە بۆیە ویستی دۆخەکە بەگشتی چارەسەرکات..

سەرۆک: ئایا داخوازیی خۆپیشاندەرانی بەغدا هەڕەشەبوو لەسەر ئاسایشی گشتی؟ یان دەربڕینی هەست بوو بۆ دەرئەنجامی هێرشە سێلانە داگیرکەرانەکەی کرایە سەر خوشکی گەورەمان.. میسری مەزن؟

سەعید قەزاز: (بەئەسپایی‌ لەرەی قوڕگیشی هێمای بەرپەرچداوەی دەردەخست) گوتی.. هیچیەک لە خۆپیشاندەران نەهاتوونەتە لام تا بزانم چیم لەسەر بیکەم‌.. ئەوساکە دەمتوانی هەڵیسەنگێنم..

سەرۆک:  ئەی گەلی میسر برای گەلی عیراق نەبووە‌و نین؟

تاوانبار: ئێستایش بران..

سەرۆک: ئیتر بۆ؟

تاوانبار: چی بووە؟

مەهداوی: بۆچی بەرگریت لەو کارەساتی کوشتارە نەکرد کە پاش هێرشە سێلایەنە داگیرکەرانەکەی سەر گەلی میسری تێکۆشەر کاتێک عەبدولجەبار فەهمی‌ی موتەسەرفی بەغدا گشت ئەو ڕێگایانەی گرتەبەر دژ بە خۆپیشاندەران‌و سەپاندنی ڕەوشە ئاسایشییەکەی بە فرمانی تۆ داڕێژرابوو؟

سەعید قەزاز: گشت تاوانێک لە بەغدا یان دەرەوەی بەغدا ڕوویدابێت، دەزگاگانی لێکۆڵینەوەو دادوەری لێکۆڵینەوە دەسبەجێ بەپێی یاسا لێی کۆڵیونەتەوەو کارڕایەکیی یاساییان بۆ کردووەو.. لە دەزگا جیاجیاکانی میریدا هەر دەزگایەو بەرپرسایەتیی خۆی‌و دەسەڵاتی خۆی دیاری بووە..

مەهداوی: هۆی چییبوو شکۆی "حەی"ی تێکۆشەرتان شکاند؟

قەزاز: کام شکۆ شکاندنە؟

سەرۆک: ئەی دوێنێ گوێت لە دیدەروانەکە نەبوو؟

تاوانبار: گوێم لە دیدەروان، یەکیدی‌و یەکیدی بوو.. بەڵام باری من لەگەڵ کێشەی حەی.. ئەگەر بەویژدانەوە لێی بڕوانن‌و بەرپرسان بخەنە بەر لێکۆڵینەوەیەکی سووک.. دەردەکەوێت من ماوەی سێ ساڵ مشتومڕم بوو لەگەڵ سەرۆک خێڵەکانی شاری حەی لە بەرژەوەندیی دانیشتووانی..

مەهداوی: بۆ دادگای ڕوونکەرەوە..

تاوانبار: دوێنێ دیدەروانێک کێشەی ئەو زەوییەی گێڕایەوە کە ئەوان پێویستییان بە گۆڕستان‌و بە دروستکردنی خانووە لەوێ.. من لەساڵی ١٩٥٥ـەوە وەک لە دۆسێکانی شالیارگەی ناوخۆیشدا هەن.. ئەو چەند موتەسەریفەی کاریان گرتووەتە دەست عەبدلحەلیم سەنەوی، ئیسماعیل حەقی ڕەسووڵ‌و حەسەن تاڵەبانی بوون.. دەتوانن بانگیانکەن بۆ دادگا دەرخستنی ڕاستیی ئەوەی من لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا مشتومڕی زۆرم بووە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئەلیاسین لەبۆ لایەنگیریی دانیشتووانی حەی یان نا.. ئەوە وڵامی منە.. بەڵام ئەگەر کەسێک بێت هەر لەخۆیەوە درۆودەلەسە ڕێکخات، ئەوا بەرپرسە لەوەی دەیڵێت.. ڕاستیش بێگومان هەر دەردەکەوێت.. تکایە لە یەکێک لەوانە بپرسن.. تکایە لە یەکێک لە ناودارانی حەی بپرسن.. تکایە لە کەسێکی تری جیاواز لەو دیدەروانە بپرسن..

سەرۆک ڕووی لە سەعید قەزاز کردو گوتی: باشە بۆچی داخوازی ئەوەت نەکرد؟

قەزاز: ئەوە چێدێڵم بۆ تۆ لەنێو دانیشتوانی حەی‌دا کەسێک یان دوان هەڵیبژێریت.. یان موتەسەریفێک یان دوان.. یان شالیارێک لەوانەی ئاگاداری ڕادەی گرنگیدانی من بوو بە دانیشتووانی حەی‌و بەرگریکردنیان لەدژی جەورو ستەم.. ئایا بووم یان نەبووم..

 

مەهداوی بەتووڕەییەوە گوتی: بەتۆمان گوت دیدەروانیی بەرگری بۆ خۆت بانگ بکە.. گوتمان یان نا؟

سەعید قەزاز بەساردییەوە لە سەرۆکی دادگای ڕوانی‌و گوتی: تۆ چۆن دەڵێی با وابێت.. وەک نەمخواستووە.. ئێستایش نایخوازم..

فازل دەستبەجێ گوتی: (جنت علی نفسها براقش) "واتە، وا قوڕی بەسەر خۆیداکرد"

ئەوجا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند بە "خنکاندن تا مەرگ"

ئەوساکە سەعید قەزاز وتە بەناوبانگەگەی خۆی گوتەوە (وا سەر سەکۆی قەنارە دەکەوم.. لەبەرپێمدا کەسانێک دبینم کە شایانی ژیان نین))

سەرئەنجام بۆ ماوەیەکی درێژ توندکرا لەژووری تەنیایی بەندیخانە، زۆر کەس کۆشییان کاری تێبکەن تا لێبوردن بخوازێت لەبارەی ئەو وتەیەی لە دادگادا گوتوویەتی بەڵام ئەو گشتجۆرە پێشنیارەکانی لەو بابەتە پشتگوێخست. تەنانەت زۆرجار کۆمۆنیستەکان پەیوەندییان بە هاوسەرەکەیەوە کرد تا نامەیەکی بۆ بنووسێت‌و لێی بخوازێت کە لەوڕووەوە هەندێک نەرمبێت‌و لێبوردن لە دادگا بخوازێت، هەرنەبێت هەندێک باری ژیانی بەدیخانەی لێ سووک دەکەن. خانمی هاوسەری نامەیەکی بۆ ڕەوانەکرد تێدا ئەو پێشنیاری لێبوردن خواستنەی دادگای بۆ نووسی بەڵام ئەو لەسەر پشتی هەمان نامە بۆ نووسییەوە (چاوەڕوانی ئەوەبە کە ببیتە بێوەژن).

کاتێک کۆمۆنیستەکان ئەوەیان بیست، قوشقی بوون، هێمایەکیان لەسەر پارچەیەک پەڕووی دوورودرێژ‌ لەبەردەم دەروازەی شالیارگەی بەرگریدا هاڵواسی تێیدا نووسرابوو (( عەبدوڵڵا شاوی‌و کامل قازانچی لەژێر گڵدان بەڵام سەعید قەزازو بەهجەت عەتییە هێشتا خۆش دەژین)).. دیارە ئەویش بۆئەوەبوو کە عەبدولکەریم قاسم‌ی پێ تووڕەکەن، تا لەگشت هاتنە ژوورەوەی شالیارگەی بەرگریدا ئەوە ببینێت‌و هەڵوێستی سەعید قەزازو بەهجەت عەتییەی وەبیر بێتەوە لەوەی دژبوون بە کۆمۆنیستان.

سەعید قەزاز هەمیشە مانەوەی ئەو هێمای سەر پەڕۆیەی پرسیوە لەو هاووڵاتی‌و خزمانەی سەردانیان دەکرد، چونکە کۆمۆنیستەکان زۆر گرنگییان بە بوون‌و مانەوەی‌ دابوو تا ئەوکاتەی قەزازو عەتییە لەسێدارەدران، هەرکاتێک کۆنبوایە ئەوان یەکێکی نوێیان دەنووسییەوە. لەکاتی لەسێدارەدانیشدا گوریسی قەنارەکەیان شل بۆ بەستبوو بۆئەوەی کاتی لەسێدارەدانی سەعید قەزاز نەخنکێت‌و بکەوێتە خوارەوە تا ئەوان جێژ لەو دیمەنەی وەرگرن. لەڕاستیشدا، کاتی ڕاکێشانی تەختی قەنارەکە لەژێر پێی سەعید قەزاز، ئەو کەوتووەتە سەر زەوی‌و بووراوەتەوە، دووبارە هەڵیانگرتووەو ملیان کردووە بە قەنارەکەدا.. خنکاندوویانە!!!؟

 

لێرەدا کۆتایی بەو چیرۆکەی ژیانی  سەعید قەزاز دێنم‌ تا ئەوکاتەی لەشێوەی پەرتووکدا دەیخەمە بەر دیدی خوێنەری هێژا. هەروەک لەسەرەتادا ئاماژەم پێداوە، لەمڕۆوە دەستدەکەم بە وەرگێڕانی پەرتووکی عارەبیی (لمحات عن سعید قزاز) لە نووسینی دادوەر "زهیر کاظم عبود" بەو ئاواتەی تەمەن‌و تەندروستی لەلایەک‌و ڕۆتینی دەزگاکانی چاپ‌و پەخش دەرفەت بدات هەرچی زووتر بگەمە ئەنجام...

 

ئیتر ئێوەو لایەنێک لە ژیانی سەعید قەزاز

 

محەمەد گۆمەیی

سوید ــ ١٤/ ٧/ ٢٠١٢

پەراوێز

١ــ مەبەستی تاوانبار سەعید قەزاز یاسای ژمارە ٧ی ساڵی ١٩٥٨ بوو کە کاریگەریی بەرەوپاشی نەبووبێت لەسەر ئەوکەسانەی لە سەردەمی پاشایەتیدا لەسەر کار نەمابن، یان ئەوە لەو یاسایەدا ئاماژە بە لەسێدارەدا ناکات.

٢ــ یەکهەم: لەوێشدا کە سەعید قەزاز ئاماژە بەوە دەکات کە عەبدولکەریم قاسم نەرم بووە لەگەڵی‌و بەهاوڕێ ناویبردووە، لەوانەیە مەبەست لەخشتەبردنی بووبێت وەک ئەوەی پێشتر نووری سەعیدی لەخشتەبرد.. مەبەستی مەهداوی‌ش لە خونجەری دۆستانە، هەڵگەڕانەوەکەی عەبدولسەلام عارف بوو لە قاسم.

دووهەم: پارێزەرەکەی سەعید قەزاز دادگا بۆ دانابوو، پێناچێت پاک‌و بێلایەن بووبێت!!!؟

٣ــ ئەنجومەنی باڵا، مەبەست لەو ئەنجومەنەیە کە لە سەردەمی پاشایەتی عیراقدا هەبوو پێیدەگوترا "مجلس الأعیان" دەبوو ژمارەی پێکهاتەی ئەو ئەنجومەنە، بە سەرۆکەکەیەوە تێنەپەڕێت لەنیوەی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران‌و پاشای وڵات ڕاستەوخۆو لەنێو ئەندامانییەوە بەپێی یاسایەکی تایبەت هەڵدەبژارد


گۆمه‌یی  1
4/7/2012

 


>>>  گه‌ڕانه‌وه  <<<